وڵات

 

WelaT....وڵات

وڵات ئاوه‌دان بێت

کاوه‌ ئه‌مین

ئه‌رشیڤ

Links
کوردی
ئاژانسی هەواڵی فورات
وڵاتی کورد
کوردستان ئۆنلاین
کوردستان ڕاپۆرت
گونده‌که‌م نۆرک
گه‌لی کوردستان
کوردستان نیوز
وێنه‌کانی کۆمار
کوردستانی نوێ
هه‌ولێر
جه‌ماوه‌ر نیوز
ئازادیا وڵات
کوردستانان
جودی نویز
ڕۆژی وڵات
ڕێنێسانس
پوک مێدیا
کڵاوڕۆژنه‌
ک. پۆست
ده‌نگه‌کان
هاوڵاتی
په‌رتووک‌
په‌یامنێر
نێت کورد
به‌درخان‌
وارڤین‌
هه‌ڵوێست
ڕوانگه‌
ڕۆژهه‌ڵات
جه‌ماوه‌ر
ڕۆژنامه‌
چاودێر
ستاندار
ئاسۆ
ک.نێت
ڕووداو
شه‌قام
هه‌تاو
خه‌بات
گوڵان
ڕامان
ئاوێنه‌
ئه‌مرۆ‌
لێداوان‌
بۆکان‌
ڕووبه‌ر‌
سبه‌ی
هه‌واڵ
ئاران
لڤین
میدیا
زه‌نگ
نه‌وا
وڵات
خاک
چه‌تر
چاک
نووسه‌ران

مه‌سعود محمه‌د
جه‌مال نه‌به‌ز
شێرزاد حه‌سه‌ن
هاوڕێ باخه‌وان
سایته‌ کوردییه‌کان


Koord
لینکی په‌روه‌رده‌ و خوێندن

فێرگه‌ی کوردی
کۆڕی زانیاری
کوردیپێدیا
ته‌ڤگه‌ری زمان
فێربوونی زمان‌
زمانی کوردی ‌
زمانی دایک
وێنه‌و ده‌نگ
په‌پووله‌
گه‌شه‌
لینکی سوێدی

Swedish

Dagensnehter
kurdistannytt
Claes Nordmark
Aftonbladet
Språkrådet
Expressen
Riksdagen
Rexnet
Dayik
Jnienazad
Sverige
Tempus
rojev
Komar
Beyan
Svd
لینکی عه‌ره‌بی

Asharqalawsat
Al-kurdya
Al-hayat
Rezgar
لینکی ئینگلیزی

khirkhazi
Washingtonpost
Kurdishmedia
Turkish Daily
Kurdishinfo
Save Rojtv
Al-jazerra
the nation
Asiatimes
Anatolian
Rastibini
Chomsky
Dozame
Vladimir
Reuters
News
Iran
BBC
{tv&radio}
Sr
Svt
Tv4
Metv
Roj tv
Newroz tv
Kurdsat
Dengyi mez.
Kurdistan tv
Dengyi emrika
Englizi-kurdyi

کاوه‌ ئه‌مین

kawe35@hotmail.com

*****

26 juni 2013

عەبدوڵڵا جەوهەر: ئەگەر کورد سەربەخۆ نەبێت ئەوا دەبێت هەر ماڵ بە کۆڵ بێت!

کاوە ئەمین / سلێمانی

تێبینی: ئەم وتارە لە گۆڤاری رۆڤاری ژمارەی تایبەت بە عەبدوڵڵا جەوهەر بڵاو کراوەتەوە.

بزاڤی ناسیۆنایستی کورد یانیش بەمانە کوردییەکەی بیری نەتەوەیی یان نیشتیمانی، لەچاو بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکانی نەتەوەکانی دیکە بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی زۆر بەدرەنگ فرچکی بەست. ئەگەرچی دەکرێت (مەم و زین)ی فەیلەسوف و هۆزاناڤانی گەورەی کورد ئەحمەدی خانی وەکو سەرچاوەیەکی گرنگ کە تژییە لەهەستی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری دەستنیشان بکەین و پاشان حاجی قادری کۆیی و زۆری دیکەیش مەڵۆی خۆیان خستۆتە سەر شارانی نیشتیمانپەروەری، بەڵام ئەو هەوڵانە هەر لە دووتوێی کتێباندا قەتیسمان و نەبوونە پرۆژەیەک، مانیفیستۆیەکی سیاسی نەتەوەیی کوردییان لێ هەڵنەهێنجرا کە ببێتە هەوێنی پارتێکی نەتەوەیی تا کورد بگەیەنێتە مەنزڵگەی ئازادی و سەربەخۆیی. دیارە ئەو هەویرە ئاو زۆردەکێشێت و بابەتی ئەم وتارەی من نییە.

ئەوەی کە لێرەدا دەمەوێت باسی لێوەبکەم، دەوری کەسایەتییەکی گەورەی نەتەوەی کوردە ئەویش شادڕەوان عەبدوڵڵا جەوهەرە کە هەندێک لە هاوڕێ نزیکەکانی بە گۆمە مەنگەکەی کورد و کوردایەتی لەقەڵەمی دەدەن، ئاخر مامۆستا یەکێک بووە لەوانەی کە هیچ کاتێک لەخۆڕا هەگبەی دڵ و دەروونی خۆی بۆ هیچ کەسێک تەنانەت کەسە نزیکەکانی خۆیشی نەکردۆتەوە، بەڵام کاتێک پرسیاریان لێکردووە و کانییەک بووە وشکبوونی بەخۆیەوە نەبینیووە.

مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر هەر لە سەرەتای گەنجێتییەوە هەستی بە ستەمکاری سەر نەتەوەکەی کردووە و ئازادی و سەربەخۆیی کوردی تەنیا لە ڕێکخراوێکی نەتەوەی کورد دا بینیوەتەوە، بۆیە لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لەشاری کەرکووک لە ساڵی ١٩٣٨ لەگەڵ دڵداری شاعیر و نوری شاوەیسدا، بەشدرای لە دروستکردنی ڕێکخراوی سیاسی "کۆمەڵەی دارکەر " دەکات. هەروەها یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی حیزبی نەتەوەیی کورد.

مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر یەکێک بووە لەوانەی لە سەرەتای ساڵانی چلەکاندا کاتێک شۆڕشی بارزان هەڵدەگیرسێت و لە ساڵی ١٩٤٣مستەفا بارزانی لە سلێمانی دەبێت، هاوکارییەکی زۆری بارزانییەکان دەکات، ئەوەیشی لەسەر بنەمای کوردبوون و هەستی نەتەوەیی کردووە.

رەنگە یەکێک لە سیفەتەکانی مامۆستا کە لەزۆرێک لە رۆشنبیرەکانی سەردەمی خۆیدا نەبووە ئەوەبێت، هیچ کاتێک هەڵگری بیروباوەری چەپێتی و کۆمۆنیستی نەبووە و ئەندامیان نەبووە، واتە لە قوتابخانەی کۆمۆنیستییەوە نەهاتۆتە ناو بیری نەتەوەیی و کوردایەتییەوە، ئەوە لەکاتێکدا بووە کە ئەو سەردەمەی ئەوی تێدا ژیاوە، رووناکبیر و خوێنەواری کورد وەکو پورەهەنگ لەدەوری ئەو بیروباوەڕە کۆبوونەتەوە کە زۆربەی جار لەسەر ئەساس و بنەمای ئابووری هاوبەش نەتەوەی کوردیان وەکو نەتەوە دانەناوە، چونکە بەقەولی ئەوان گوایە کورد ئابووری هاوبەشی نەبووە، بۆیە کردویانەتە پاشکۆی نەتەوە و وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان. بەڵام بە پێچەوانەوە مامۆستا عەبدوڵلا جەوهەر لە سەرەتای هەرەتی لاوێتیدا لەو کۆڕوکۆبونەوانەدا بەشدار دەبێت کە باسی سەربەخۆیی کورد و نیشتیمانەکەی وێردی سەر زمانیان دەبێت.

مامۆستا عەبدوڵلا جەوهەر جگە لە سەربەخۆیی هەموو چارەسەرێکی پرسی کوردی بە فشە چارەسەری لەقەڵەم داوە بۆیە راشکاوانە گوتوویەتی "هەتا کورد سەربەخۆ نەبێت، هەر ماڵ بەکۆڵ دەبێت." هەستی نەتەوەیی مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر وای لێدەکات کە بەشداری لە دروستکردنی کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کورد (کاژیک)دا بکات و یەکێک دەبێت لە حەوت دامەزرێنەرەکەی ئەو رێکخراوەیە. مامۆستا عەبدوڵڵا هاوڕێیەتییەکی زۆر پتە و نزیکی لەگەڵ مامۆستا ئەحمەد هەردی دەبێت. ئەحمەد هەردی یەکێک دەبێت لە دامەزرێنەرانی کاژیک. هەروەها کاک عەلی سام ئاغا کە دواتر دەبێت بە ئەندامی کاژیک و تەنیا لە چوار کۆبوونەی ئەو ڕێکخراوەدا بەشداری دەکات و دەستبەرداری دەبێت، بەڵام ئێستایشی لەگەڵدابێت کەسێکی تاسەرئێسقان نەتەوەیی و سەربەخۆیخوازە. بەوتەی کاک عەلی سام ئاغا، دوای وازهێنانی ئەو لە کاژیک مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەریش واز لەکاری حیزبایەتی ناو کاژیک دەهێنێت، بەڵام هیچ کاتێک دەستبەرداری بیری نەتەوەیی و سەربەخۆیی نابێت و هاوڕێیەتی لەگەڵ مامۆستا هەردی و کاک عەلی سام ئاغا و هەڵگرانی بیری نەتەوەیی درێژەی دەبێت. بەوتەی کاک عەلی سام ئاغا، هاتنە دەرەوەی ئەوان لە کاژیک لە سەر رووداوی کانی ماسێ بووە کە تێیدا چەند شویعیەکی تێدا دەکوژرێت و ئەو تاوەنە دەخرێتە ئەستۆی کاژیک، ئەوە لە کاتێکدا بووە کە کاژیک وەکو ئەندامەکانی دەڵێن بەهیچ شێویەک دەستی لەو کارەدا نەبووە، بەڵام کاتێک داوادەکرێت با کاژیک بەیانێک دەربکات و خۆی لەو کارە بێبەری بکات، ئەو کارەناکەن، ئەوەیش لەسەر بنەمای ئەوە بووە کە شتێک ئەوان نەیانکردبێت چ پێویست دەکات بەیانی لەسەر دەربکەن. عەلی سام ئاغا واز لەکاژیک دەهێنێت و عەبدوڵڵا جەوهەر کە لە دامەزرێنەرانی کاژیک بووە، تەنیا شەش مانگێک لەناو کاژیکدا دەمێنێتەوە، دەستبەرداری کاژیک دەبێت. پاش دوو ساڵ، مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمینیش دەست لە کاری حیزبایەتی ناو کاژیک دەکێشەتەوە.

گۆمە مەنگەکەی بیری کوردایەتی مامۆستا عەبدوڵڵا جەهەر و چەند هاورێێەکی دوای کاژیکیش لەسەر هەمان ڕێچکەی کوردایەتی خۆیان درێژە بە کاری سیاسیی خۆیان دەدەن و بیرلەوە دەکەنەوە کە ببنە پێشمەرگە لە شۆڕشی ئەیلولدا بەڵام بەنیازی ئەوەی کە ڕێکخراوێك یان کۆمەڵەیەک دامەزرێنن کە هەم پشتیوانی سەرکردایەتی شۆرش بکات و هەمیش درێژە بە بڵاوکردنەوەی بیری نەتەوەیی بدەن، بۆ ئەو مەبەستە (ئەحمەد هەردی، عەلی سام ئاغا و عەبدوڵڵا جەهەر) بڕیاردەدەن بچنە دەرەوە. مامۆستا هەردی لەگەڵ بابەکرا ئاغای پشدەر بەرەو ناوچەی ئاسۆس دەڕوات بەو ئومێدەی کە هاورێکانی دیکەیشی دوای چەند رۆژێک بەهەمان مەبەست بچنە دەرەوە، بەڵام مەنعەتەجولەکەی شاری سڵیمانی بەسەردا دێت کە لەنەتەیجەدا بە دەیان کەسیان لە سلێمانی کوشت و سەدانی دیکەیان خزاندە ناو بەندیخانەی حامییەوە، پارکی ئازادی ئێستا. ئەوەیش دەبێتە هۆکارێک کە پلانی چونە دەرەوەیان سەرنەگرێت و مامۆستا هەردی دوای مانگ ونیوێک دەگەڕێتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی.

پایزی ساڵی ١٩٦٤ مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر و هاورێکانی کە زیاتر لە سێکوچکەیەک چوون (هەردی، عەلی و جەوهەر) دەچنە گوندی ئاوکورتێ بە هیوای ئەوەی کە بتوانن بیری نەتەوەیی خۆیان بڵاو بکەنەوە، بەڵام باڵادەستی پارتی و شۆڕش کە بەشێکی زۆری کوردی لە خۆی کۆکردبووەوە، ئیدی کێ گوێ بۆ سی ئەفەندی شاری دەگرێت. لەو ماوەیە کە ئەوان لە ئاوکورتێ دەبن، بارزانی و پێشمەرگەکانی سەردانی ئەو گوندە دەکەن، لەسەر داوای مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر، شەوێکی درەنگ سەردانی بارزانی دەکەن و لێێان دەپرسێ ئێوە بەنیازی چین و دەتانەوێت چی بکەن، پارتین؟ ئەوانیش لە وەڵامدا دەلێن، نەخێر پارتی نین، بەڵام دۆستی پارتین و بە دووردرێژی باسی بەرنامە و بیروباوەڕی خۆیانی بۆ دەکەن. بارزانی لە وەڵامدا پێێان دەڵێت بەداخەوە کە من ناتوانم هاوکاری مادیتان بکەم، بەڵام بڕۆن بیروباوەڕی خۆتان بڵاو بکەنەوە و کەس حەدی نییە بێتە سەر رێگاتان.

هەر لە شۆڕشی ئەیللودا، لەنامەیەکدا داوا لە مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر دەکرێت کە بچێتە دەرەوە، هاوبیرە نەتەوەییانەکانی، مامۆستا فەرەیدون مەلا عەلی دەنێرن وەکو نوێنەری خۆیان تا لە رەوشەکە ئاگاداریان بکاتەوە ، بەڵام پاش چەند مانگێک دەگەڕێتەوە و پێێ وا دەبێت کە باشترە لەناو شاردا بمێننەوە و درێژە بەکاری نووسین و رووناکبری خۆیان بدەن.

عەبدوڵلا جەوهەر جگە لەوەی کەسایەتییەکی نەتەوەیی دیاری کوردایەتییە بوو، بەشێکی زۆری ژیانی بۆ سیاسەت بەمانا تیۆرییەکی دادەنێت، هاوکات خاوەنی قەڵەمێکی بە بڕشت بووە و شارەزایەکی باشی لە زماندا هەبووە و لە بواری نووسینی شیعر و چیرۆک و وەرگێراندا ئەسپی کوردایەتی خۆی تاوداوە. بە بەردەوامی لە نێوان ساڵانی ١٩٣٩ – ١٩٤٩ لە گۆڤاری گەلاوێژدا بە ناوی خوازراوەوە پەخشانی هونەری و کورتە چیرۆک و بابەتی رەخنەی ئەدەبی بڵاو کردۆتەوە. لە نوسێنێکدا کە بەناوی ع چالاک لە ژمارە ٣ و ٤ ی گۆڤاری گەلاوێژی ساڵی ١٩٤٢ دا بڵاو کراوەتەوە، داوا لە خوشک و برایانی کوردی دەکات کە وڵاتی خۆیانیان خۆشبووێت و لە خەوی خەفڵەتزەدەیان بەخەبەر بێنەوە و یەگبگرن : "ئێمە بۆیە لە دایک بووین کە خوێنمان لە ڕێی نیشتیمانی پیرۆزدا بڕێژین و لەشمان بکەینە سەنگەری. گەل داوای ئیشمان لێئەکا نە قسە." عەبدوڵڵا جەوهەر لە ساڵانی چلەکانی سەتەی رابردوودا وەکو لاوێکی نیشتیمان پەروەر هەست دەکات کە کوردستانی داگیرکراو تەنیا بەهێز و بازوی پیاوی کورد رزگاری نابێت بۆیە روو دەکاتە ژنانی کورد و داویان لێدەکات، شانە بەشانی پیاوانی کورد بێنە مەیدانی تێکۆشان و خۆیان هۆشیاربکەنەوە لە پێناو نیشتماندا تێبکۆشن.

مامۆستا عەبدوڵلا جەوهەر وەکو کەسایەتییەکی نەتەوەیی خاوەن بیروباوەڕ لە لایەن خەڵکانی نەتەوەییەوە پرس ورای پێکراوە. کاک ئازاد مستەفا سەرۆکی پاسۆک لە نامەیەکدا داوا لە مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر دەکات کە بچێتە ناو پاسۆکە و ببێتە ئەندامی سەرکردایەتی ئەو پارتە، بەڵام بەهەرهۆیەکەوە بێت مامۆستا جەوهەر داوەکەی قبوڵ ناکات. بەداخەوە کاتێک چاو لە هەڵسوکەوتی کەسە نەتەوەییەکان دەکەین، زیاتر لە بواری تیۆریدا ئەسپی خۆیان تاوداوە و لە کاری پراکتیکیدا خۆیان گۆشەگیرکردووە، مامۆستا عەبدوڵلا جەوهەریش بەدەر نەبووە لەوان، بەڵام ئەو بیروباوەرەی ئەوان لەسەردەمێکدا لەدەوری کۆبوونەوە، تەوژمی کۆمۆنیستی و عێراقچێتی باڵی بەسەر کوردستاندا کیشابوو، بۆیە ئەگەر بیرەکوردستانیەکان لە بازنە داخراوەکاندا قەتیسیش مابێتن و نەیانتوانیبێ سنوورە دەستکردەکان بشکێنن، ئەوا لاپەرەیەکی گەشیان بۆخۆیان تۆمارکردووە. رۆژێک هەردێت بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی باڵ بەسەر ئەم وڵاتەدا بکێشێت، پاسۆک دروشمێکی جوانیان هەبوو و راستیشیان کردووە کە گوتویانە "هەر کاروانێک بۆ پرشنگی خۆڕ بڕوانێت، کەمبن یان زۆر دەگەن بەخۆر."

سەرچاوە:

گفتوگۆیەکی تایبەتی بەندە لەگەڵ مامۆستا عەلی سام ئاغا کە لە دەرفەتێکی دیکەدا و لە پرۆژەیەکی تایبەت بەبیری نەتەوەیی، هەمووی بڵاو دەکەمەوە.

عومەر مەعروف بەرزنجی، بەڵگەی زیندوو، ساڵی ٢٠١٠

گۆڤاری گەلاوێژ، ژمارە ٣ – ٤، ساڵی ١٩٤٢

دەستنوسێکی کاک جەلالی حاجی دەروێش کە نووسخەیەکم لە خۆی وەرگرتووە.











ä ä ä
11 juni 2013

هەموو ڕێگاکان دەچنەوە بۆ بانە!

کاوە ئەمین

ئێوارەی رۆژی ٢٩ مانگ، خۆم شپرزە کردبوو و دەمویست لە داڵەوە بۆ داڵ بەدیار تەلەفیزۆنی رووداوە دابنیشم، ئاخر دوای ئەو هەموو چاوەروانییە، رووداو بە گوروتینێکی زۆرەوە دەستی بە پەخشی بەرنامەکانی کرد و پەیتا پەیتا لە ژێر شاشەکەوە دەنووسرا "رووداوی تۆ هەواڵی ئێمەیە.". پێموابێت دەوری سەعات دەی شەوبوو، دەنگی تەلەفونەکەم رایچڵەکاند، کرمانج بوو. بە دەنگێكی خەمبارانە و نزمەوە گوتی ئەوە لەبەردەمی مەیتخانەین، تەهای کەریمی بە رووداوی سەیارە کۆچیی دوایی کردووە. ئاسان نییە تۆ لە دنیایەکی دیکەدا بیت و بڕوا بە خەبەرێکی وا بکەیت. جارجارێک کاک تەهام دەبینی لەو کاتانەی کە سەردانی ئۆفیسی رووداوی دەکرد و خەریکی چەند کارێکی دۆکێۆمێنتاری بوو، مرۆڤێک هەموو سیفەتە جوانەکانی تێدابوو بەڵام دەتگوت هەموو خەمی ئەم جیهانەی بە کۆڵی خۆیدا داوە.

دواجار بەڕێکەوت ئەو ئێوارەی فیلمی "هەزار و یەک سێوی" لە خانەی ئەندێشە نمایش دەکرد، وەکو گلییەک پێی گوتم، یەکەمجار داوەتنامەم بۆناردی نەهاتی، ئێستا دەبێت ئەم ئێوارەیە بێیت و تەماشای فیلمەکە بکەیت. بەخۆشحاڵییەوە لەگەڵ هاوڕێیەکی فرە ئازیزمدا چووین و فیلمەکەمان بینی، کوڕم دەویست خۆی بگرێت و فرمێسک بەچاوەکانیدا نەیەتە خوارەوە. ئاخر تەهایی کەریمی لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە، بەدوای سارێژبوونی برینەکانی ئەنفالەوە بوو. تەها، هێندە سەرقاڵی پرۆژەکانی بوو، هەمیشە وەکو ئەوە وابوو لە ناخی خۆیدا لەگەڵ خۆیدا بدوێ، هەزار و یەک ئەندێشە و بیرۆکە مێشکیان جەنجاڵ کردبوو، ئاخر بۆ ئەو کوردستان و سنوور و خەمەکانی نیشتیمان ئەو کەرەستەخاوانە بوون کە هێشتا کاریان لەسەر نەکراوە. ئەو دەیویست لەرێگای بەڵگە فیلمەکانیەوە جێگادەستی لە نەتەوەسازییدا هەبێت. دەیویست مێژووی لەبیرکراوی کورد لە ڕێگای وێنە و گێرانەوەوە، بەبیر نەوەی نوێی کوردا بێنێتەوە.

بەناچاری تەلەفونم بۆ هاوکارانم لە رووداو کردو، داوام لێکردن کە ئەو هەواڵە دڵتەزێنە دابەزێن، ئاخر لەگەڵ ئەوەی تەهای کەریمی زۆر دڵی بە کردنەوەی رووداو خۆش بوو، بەڵام ئێستا ئەو دەبێتە یەکەمین هەواڵی بە پەلەی شاشەکەی رووداو و، وەکو یەکەمین کەناڵی میدیایی هەواڵی مردنی یەکێک لە کوڕە خاسەکانی کورد بڵاو بکاتەوە! چەند خولەکێکی پێنەچوو لە سەر شاشەی رووداو نووسرا بە پەلە: سینەماکاری کورد تەهای کەریمی لە رووداوێکدا گیانی لە دەست دا!

کاک تەها بە مانای وشە کوردستانی بوو، لە مانگی گوڵاندا سێ ڕۆژ لە ئاماد بووم، رۆژێک پێش گەڕانەوەم فیستیڤاڵێ کورتە فیلمی بەڵگەنامەیی لەو شارە دەستی پێکرد، تەهایش بەشداربوو، بەداخەوە من نەمتوانی لەوێ بیبینم، کە گەڕابووە بە هاوڕێیەکی گوتبوو بچن بۆ ئامەد، هامووتان بچن سەردانی ئامەد بکەن.

کاک تەها چونکە خەڵکی شاری بانە بوو و منیش هەندێک وردە بەسەرهاتی خۆش و ناخۆشم لەو شارەدا هەیە، بۆیە هەموو جارێک کە دەمبینی شاری بانە بەخێرایی دەهاتە پێش چاوم، کاک تەها گوتبووی ئەگەر لە نێوان سلێمانی و بانەدا سەرپشک بکرێم ئەوا سلێمانی هەڵدەبژێرم بۆ مانەوە، بەڵام بۆ من بە پێچەوانەوەیە، لای من هەموو ڕێگاکان وەکو خەڵکی دیکە ناچنەوە رۆم، بەڵکو دەچنەوە بۆ بانە. ئاخر تەرمەکەی تەهایش برایەوە بۆ بانە.

رۆژی دوای کارەساتەکە، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێکانی تەهای کەریمی لەبەردەمی مەیتخانەی سلێمانیدا چاوەروان بوون تا خاترخوازی کۆتایی لە هاوڕێکەیان بکەن، ئاخر تەها ئەو رۆژە دوای وچانێک لەبانە بەرەو ئاسمانی قەندیل و کوێستانی سپی دەفرێت، فرینێکی ئەبەدی! هاوڕێیەکی نزیکی باسی ئەوەی کرد کە تەها بە ژنەکەی گوتووە حەزدەکەم کچێکمان بێت و ناوی بنێین بارین! بەداخەوە ئەو ئاواتەی نەهاتەدی، وەکو زۆرێک لە ئاواتەکانی دیکەی لەگەڵ خۆی بردییە ژێر گڵەوە! تەرمی تەهای کەریمی لە ڕێگای باشماخەوە بەرەو ئەو دیوی سنوور بەرێکرا، ئەو سنوورە نەفرەتییەی، کە تەهای کەریمی هێندەی ڕق لێی بوو، دەیویست لە ڕێگای فیلمەکانییەوە بیروخێنێت.

تێبینی: لە رووداوی رۆژی ١٠/٦ دا بڵاو کراوەتەوە.



ä ä ä
30 mars 2013

یوسفی ونبوو هه‌مدیسان دێته‌ که‌نعان غه‌م مه‌خۆ
 خانی غه‌م ده‌بینی رۆژێ وه‌ک گوڵستان غه‌م مه‌خۆ
 ئه‌و دڵه‌ غه‌مگینه‌ حاڵی چاک ئه‌بێ دوودڵ مه‌به‌
 ئه‌و سه‌ره‌ سه‌وداییه‌ دێ ڕوو به‌سامان غه‌م مه‌خۆ
 گه‌رته‌مه‌ن یاری بکا ساڵێکی دی فه‌سڵی به‌هار
 گوڵ ده‌بێته‌ سایه‌ وانت بولبولی جوان غه‌م مه‌خۆ
 تۆکه‌ رازی غه‌یببی نازانی ئومێدێ به‌رمه‌ده‌
 پشتی په‌رده‌ی لێیه‌تی چاکی نیازان غه‌م مه‌خۆ
 سووری دونیایه‌ ئه‌گه‌ر دوورۆژ به‌که‌یفی تۆنه‌ بوو
 که‌یف و خۆشیت دێنه‌وه وه‌ک جاری جاران غه‌م مه‌خۆ
 گه‌ر به‌عیشقی دیتنێ به‌یتێ به‌ڕێوه‌ی بۆ حه‌جێ
 باله‌پێت ڕاچێ دڕ و داڵی موغیلان غه‌م مه‌خۆ
 گه‌ر بناغه‌ت هه ڵکه‌نێ ئه‌مرۆ سه‌سێڵاوی فه‌نا
 گه‌ر مێوانت چوونکه‌ (نوحه)‌ قه‌ت له‌ تۆفان غه‌م مه‌خۆ
 گه‌رچی رێگا زۆربه‌ترسه‌ و نادیاره‌ مه‌نزڵی عیشق
 ئاخری کۆتای دێ رێگه‌ی پیاوان غه‌م مه‌خۆ
 چۆنێتی ئێمه‌ له‌دووری یار و سه‌ر کۆنه‌ی ره‌قیب
 پاکی ڕوو سووره‌ لای زانای رازان غه‌م مه‌خۆ
 حافزا له‌و کۆنه‌ کوغه‌و خه‌ڵوه‌تی شه‌وگاری تارک
 زیکر و فیکرت تا دوعایه‌ و ده‌رسی قورئان غه‌م مه‌خۆ
 حافزی شیرازی


ä ä ä
14 augusti 2012


بێ وڵات


چڵ ساڵە من
تەرمی خۆمم لە کۆڵ ناوە
دەیگێڕم و ئەشک ئەڕێژم
...

رێگەی دووری تەمەن ئەبڕم
بستێ خاکم دەس ناکەوێ
ئەم جەستە پڕ لە ئازارەی
تیا بنێژم!

جەلال مەلەکشا
ساڵی 1365 هەتاوی




ä ä ä
30 maj 2012

با بێگانە خاوەن ماڵ نەبێت!


كاوە ئەمین

 

تێبینی: لە رووداو دا بڵاو کراوەتەوە 

كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق رۆژ بە رۆژ گرژتر دەبن و لێدوانەكانی بەرپرسانی هەردوولا، نوقڵانەی ئەوە لێنادەن كە كێشەكان بەم دەمودەستە چارەسەر بكرێن، ئاخر كێشەكان نە یەك و دووانن و نە كێشەی ساڵ و دوو ساڵێكن، بەڵكو چەندین ساڵە بەسەریەكدا كەڵكە بوون. رەنگە گەورەترین هەڵەی ستراتیژی شۆرشی ئەیلوول لەكاتی واژۆكردنی رێككەوتننامەی 11ی ئازاری 1970 دا ئەوەبووبێت كە رازیبوون ماوەی چوار ساڵ دابنێن بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، ئەوەبوو عێراق لەو ماوەیەدا خۆی پڕچەك كردەوە و پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی بەشێوەیەك داڕشتەوە كە لە بەرژوەندی كورددا نەبوو.
لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە یەكێك لەو شتانەی كە بەرپرسانی كورد شانازیان پێوە دەكرد بنیاتنانەوەی "عێراقی نوێ" بوو كە تێیدا گوایە مافەكانی كورد بە دەستوور پارێزراوە. ئەمریكا یەكەمین شت كە كردی لە عێراقدا هەڵوەشاندنەوەی سووپای عێراق بوو، بەڵام ئێستا پاش نۆ ساڵ عێراق سووپاكەی بەشێوەیەك دامەزراندووەتەوە و خەریكی تەیاركردنیەتی بەچەكی مۆدێرن كە لە داهاتوودا مەگەر تەنها زیانی بۆ كورد هەبێ، دەنا ئێران پشتێنی لێدەكاتەوە، چونكە ئەو هەموو مارەی بۆ رۆژێكی وا پەروەردەكردووە، بەنیسبەت وڵاتانی دراوسێی دیكەش هیچ مەترسییەكیان نابێ، سووریا وەك ئێستا بمێنێ یان بگۆڕدرێت كاریگەری وای لەسەر حكومەتی ئێستا و داهاتووی عێراق نابێ، توركیایش كە هەوپەیمانی ئەمریكایە، كارێك ناكات لەگەڵ عێراق بكەوێتە شەڕەوە تاوەكو لە سووپاكەی بترسێت!
لەگەڵ هەموو مەترسییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان بۆ سەر باشووری كوردستان، هێشتا كورد خاوەنی یەك خیتابی سیاسی یەكگرتوو نییە، با لە راگەیاندنی كوردی گەڕێین كە بەشی هەرە زۆری هیچ هێڵێكی سووری بۆخۆی دانەناوە بەتایبەتی لە مەسەلە نەتەوەییەكاندا، كاتێك باسی دەوڵەتی كوردی دەكرێت، هەزار شێر و رێوی دەهێننەوە، ئاخر دەوڵەتی كوردی ئێستا دابمەزرێ یان هەر كاتێكی دیكە مافێكی رەوای نەتەوەی كوردە و پێویست ناكات تەنانەت لێكدانەوەیشی بۆ بكرێت، جا ئەو داوایە هەر كەس و لایەنێك لەپشتیەوەبێ گرنگ نییە. لە دۆخێكی وادا، ئێستا كۆنە بەعسییەكانی كورد كە مەگەر هەر خواخۆی بزانێ چۆن كاتێك لەو یاری مار و پەیژەیەی كە لەگەڵ سەددامدا شەریك بوون و مارەكە خواردنی و هاتنەوە سەر سفر، كەچی لە كنوفەیەكونێكدا بە پەیژەكەدا سەركەوتنەوە و نەك هەر پێش كوردانی نەتەوەیی بەڵكو شەهیدەكانیشیان دایەوە و گەیشتنەوە چڵەپۆپە لە دەسەڵاتی كوردیدا! ئێستا ئەوان بوونەتە دەمڕاستی كوردایەتی و راوێژكار كە ئەگەر لەغاونەكرێن ئەوا دوورنییە بە فیتی ئەوان ئاژاوە و دووبەرەكییەكی گەورە لە باشووری كوردستاندا سەرهەڵبداتەوە كە نەك دەوڵەتی كوردی بەڵكو ئەوەی هەیشە لەدەست بچێ و دیسان دەستمان لەبنی هەمانەكەوە دەربچێت! ئەوەی رۆژێك خیانەتی كردبێ ، هەمیشە بەلای ئەو ئێسقانەدا دەچێ كە گۆشتی زیاتری پێوەیە، بۆیە دوور نییە هەندێك كەسی و گرووپ لەنێو عەشیرەتەكاندا لە ئێستاوە پەیوەندییان بە مالیكییەوە كردبێ، یان ئەوانەی كە پێشتر بەسەر شمشێرەكەی قادسیەدا هەڵیاندەدا.
لەولاوە بەناوی دیفاعكردن لە ئایین خەریكە نەك پەرلەمان بەڵكو بنچكەگیا خۆڕسكەكانیشمان لەبن دەردەهێنن، سەیرە نووسەرێك و گۆڤارێك، ناماقوڵییەك دەكەن ، كەچی هەندێك "مەلای" هیچ نەزان لەولاوە گەورەیان دەكەنەوە و پاشانیش خەڵكێك دێنە سەر جادە و كابول و هەولێریان لێ دەبێت بەیەك. تۆ بڵێی ڕێكەوت بێت سیخوڕێكی وەك قانعی فەرد كە لە هەمانكاتدا لە گۆڤارێكی كوردییەوە بەناوی لێكۆلینەوەی مێژووییەوە دێت بۆ ئاژاوەنانەوە لە نێوان كوردانی دوو پارچەی كوردستاندا، دەست دەبات بۆ دوو سیمبوولی گرنگی كوردایەتی ، ئەرێ خێرە لەم كاتەدا قانعیفەرد لە تارانەوە و لە گۆڤارێكدا بزووتنەوەی ئازادیخوازی كورد و هەموو پارتە كوردییەكان بە "تیرۆریست" لە قەڵەم دەدا، كەچی لێرەشەوە بڕیاری پارە بەسەردا رژانی دراوە، وەك خۆی دەڵێ . سەیرە بەعسییەكان لەم لاوە و سیخوڕەكانی دیكە لەولاوە، ئاو دەكەنە سەر ئاشی داگیركەر، لە هەموویشی سەیرتر هەردووك لایان بە "كوردایەتی" پێمان دەفرۆشنەوە و بەناوی ئازادی بیروڕا. بەڕاستی من نازانم وەك شاعیر دەڵێ "لەمبەرین یان لەوبەرین". بۆیە باشترە واز لە دەستكەوتی كاتی بێنین و هەموو كوردپەروەرانی راستەقینە بچینە سەنگەرێكەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەبێ بەتەواوی خۆی ساخبكاتەوە و ببێتە سیوانێك بۆ هەمووان، ئەوكاتە ئەوەی بە حكومەتی خۆی نەزانی با لەگەڵ داگیركەردا لە مار و پەیژەكەدا ببێتە شەریك، بەڵام كە مارەكە خواردی، نەهێڵن بە پەیژەكاندا سەركەونەوە.


ä ä ä
20 mars 2012


نەورۆزتان پیرۆز بێت


ä ä ä
17 mars 2012

13 هەزار كتێبمان بە كوردی و زمانی دیكە لەسەر كورد هەیە
هەڤپەیڤین: كاوە ئەمین
رووداو-سوێد
نووسەر و زمانناس نەوزاد هرۆری، سەرۆكی كتێبخانەی كوردییە لە ستۆكهۆڵم، دەڵێ كتێبخانەكەیان وەك نیمچە كتێبخانەی نەتەوەیی كوردە لە ئەوروپا، بەڵام لە هەمانكاتدا دەڵێ پێویستییان بە هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەهۆی كەمكرانەوەی بودجەكەیان لەلایەن حكومەتی سوێدەوە.
رووداو: كەی ئەو كتێبخانەیە دامەزراوە؟
نەوزاد هرۆری: لەساڵی 1997 لەلایەن نەیدم داگدەڤەریم كە كوردێكی باكووری كوردستان بوو دامەزراوە. ئەگەرچی ئەم كتێبخانەیە كتێبخانەیەكی نەتەوەیی نییە، بەڵام مۆدیلێكە لە كتێبخانەی نەتەوەیی. بەهۆی قەدەخەبوونی زمانی كوردی، كورد نەیتوانیوە كتێب كۆبكاتەوە، بۆیە بڕیاردرا ئەم كتێبخانەیە دابمەزرێندرێت كە بتوانێ هەموو ئەو كتێبانەی لەسەر كورد نووسراون بە زمانی جۆرا و جۆر و هەروەها بە زمانی كوردی كۆبكاتەوە و بیانپارێزێت. كتێبخانەی كوردی سەرەتا بۆ ماوەی دوو ساڵ وەك پڕۆژەیەك بوو كە بەهاوكاری دەستگای دامەزراوەی پاشەڕۆژەوە لەسوێد دەستی بەكار كردو، پاشان بە شێوەیەكی فەرمی درێژەی بەكارەكانی خۆیدا.
رووداو: ئێستا سەرچاوەی داراییتان كوێیە؟
نەوزاد هرۆری: وەزارەتی فەرهەنگی سوێد و شارەوانی ستۆكهۆڵم هاوكاریمان دەكەن، ساڵانە بودجەی بۆ دیاری دەكرێت، هیچ لایەنێكی دیكە هاوكاریمان ناكات. لەم سێ ساڵەی دواییدا، وەزارەتی فەرهەنگی سوێد، بودجەی كتێبخانەی ئێمەی كەمكردووەتەوە، ئێستا تەنها نیوەی ئەو پارەی جارانمان پێدەدەن، بۆیە ئێستا ناچارین بەدوای سەرچاوەی دیكەدا بگەڕێین تاوەكو هاوكاریمان بكەن و بتوانین بەشێوەیكی رێكوپێك درێژە بەكارەكانمان بدەین.
رووداو: چەند كەس لەم كتێبخانەیەدا كار دەكەن؟
نەوزاد هرۆری: ئێستا ئێمە دوو كەسین، من و نووسەری كورد مالمیسانژ كە كوردێكی زازایە. لەبەرئەوەی بودجەكەمان كەمكرایەوە ناچاربووین ژمارەی كارمەندەكانمان كەم بكەینەوە.
رووداو: ئەی ژمارەی كتێبەكانی ئەو كتێبخانەیە چەندن؟
نەوزاد هرۆری: نزیكەی 13 هەزار كتێبمان هەیە كە نیوەیان بە زمانی كوردین، نیوەكەی دیكەشیان بە 23 زمانی دیكەن. بێجگە لەو كتێبانە ئێمە نزیكەی 700 گۆڤار و رۆژنامەمان لەلایە كە لەلایەن پارتە كوردییەكان و خەڵكانی بێلایەنەوە بڵاوكراونەتەوە، ژمارەیەكی زۆر نەخشە و بڵاڤۆك و كارت و كاریكاتۆر، هەر شتێك كە بەكوردی یان بەزمانی دیكە بڵاوكرابێتەوە لەسەر كورد و بەردەستمان كەوتبێ لەلای خۆمان پاراستوومانە، هەروەها بەشی موزیكیشمان هەیە.
رووداو: پێوەری ئێوە چییە بۆ پاراستن و بەدەستخستنی ئەو سەرچاوانە؟
نەوزاد هرۆری: بەلامانەوە گرنگ نییە كە كام پارت و لایەنی كورد یانیش كەسایەتی ئەو گۆڤار و كتێبانەی دەركردووە، هیچ سانسۆرێكمان نییە لەڕووی سیاسی، ئاینی و نەژادییەوە. ماوەیەك لەمەوبەر برادەرێك هات و كتێبەكەی فازل بەراكی بینی و پێیگوتین چۆن دەبێ كتێبێكی وا لە كتێبخانەكەتاندا هەبێ كە بەخراپە باسی كورد دەكات، بەڵام ئێمە گوتمان هەر شتێك لەسەر كورد نووسرابێ لەلای خۆمان دەیپارێزین، ئەگەر رەخنەش بێت لەسەر كورد، ئاخر ئێمە دەبێ بزانین دوژمنەكانیشمان چۆن باسمان دەكەن.
رووداو: زیاتر كێ سەردانی ئەو كتێبخانەیە دەكەن؟
نەوزاد هرۆری: زیاتر كوردن. هەندێك لێكۆڵەری سوێدیش جار جار سەردانمان دەكەن، تەنانەت لە دەرەوەی سوێدیش خەڵكانێك هەن سەردانمان دەكەن و كەڵك لە كتێبەكانمان وەردەگرن. ماوەیەك لەمەوبەر لێكۆڵەرێكی ژاپۆنی كە دكتۆراكەی لەسەر كوردانی دیاسپۆرا دەنووسێ سەردانی كردین و هەفتەیەك لە ستۆكهۆڵم لەلای ئێمە مایەوە. پێشتریش ماستەرنامەیەكی لەسەر مێدیای كوردی لە دیاسپۆرا نووسیبوو، ئەوەی كە سەرنجڕاكێش بوو دوكتۆراكەی بەزمانی ژاپۆنی دەنووسێت. سەمینارێكمان لەسەر دوكتۆراكەی بۆ سازدا. جیاوازی كتێبخانەی ئێمە لەو كتێبخانانەی دیكە كە هەن ئەوەیە كە ئێمە لەسەر سیستەمی كتێبخانەی سوێدی كار دەكەین و كتێبەكانمان هەموو لە كەتەلۆگێكدا تۆماركردووە، زۆربەی كتێبەكانمان لە كەتەلۆگی نەتەوەیی سوێدیشدا تۆماركراون، بۆیە لە هەموو شارەكانی سوێدەوە ئەوانەی بیانەوێ كتێبەكانمان قەرز بكەن دەتوانن لە رێگای كتێبخانەی شارەكانی سوێدەوە داوای بكەن و ئێمەش بە پۆست دەینێرین بۆ ئەو كتێبخانەی كە لێوەی داواكراوە. بێجگە لەوە ئێمە ساڵانە چەندین سەمینار و پێشانگا سازدەكەین، ئەمساڵ لەبەرنامەماندایە كۆرسی زمانی كوردی بە كرمانجی سەروو و خواروو و هەروەها بە زازاكیش دەست پێبكەین.
رووداو: بەنیازنین كتێبەكانتان بەشێوەی دیگیتاڵ لە ماڵپەڕەكەتاندا دابنێن؟
نەوزاد هرۆری : ئێستا ئامادەكاری دەكەین بۆ ئەوەی 200 كتێبی كۆن كە بەزمانی جۆراو جۆر نووسراون، هەروەها كتێبە كۆنە كوردییەكان بكەینە دیگیتاڵ، بەشێكی زۆر لەو كتێبانەی كە لە بەغدا چاپكراون و ئێستا لە كتێبفرۆشییەكان دەستناكەون دەمانەوێ ئەوانیش سكان بكەین و ئامادەیان بكەین تاوەكو كەڵكیان لێوەربگیرێت.
رووداو: كۆنترین كتێب كە لەسەر كورد نووسرابێ و لەلای ئێوە دەستبكەوێت كامەیە؟
نەوزاد هرۆری : كۆنترین كتێب لای ئێمە ئەوەیە كە لەساڵی 1787 لە ئیتاڵیا چاپكراوە، نووسەرەكەی میسۆنێرێكی ئیتاڵییە بەناوی گەرزۆنی كە لەسەر رێزمانی كوردییە، ئەو كتێبە تائێستا نەكراوەتە كوردی، هەرچەندە چەند وتارێكی لەسەر نووسراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە بەزمانی كۆنی ئیتاڵی نووسراوە، دەبێ كەسێك ئەو كتێبە بكاتە كوردی كە شارەزاییەكی زۆر باشی لە زمانی ئیتاڵیدا هەبێ. بەزمانی سوێدیش چوار كتێبمان هەیە كە لە دوای نێوەراستی سەتەی هەژدەمەوە نووسراون.
رووداو: روویداوە كەسێك كتێبی لێ دزیبین؟
نەوزاد هرۆری: رەنگە شتی وا بووبێت، بەڵام ئێمە هەستمان بە شتێكی وانەكردووە. پێمانوانییە كورد بۆ ئەو مەبەستە بێنە كتێبخانەكەمان، رەنگە كورد هەبێ لە كتێبخانەی دوژمنان شتی وای كردبێت. هەروەها ئەوەش رووینەداوە كە كەسێك كتێبی بردبێ و نەیگەڕاندبێتەوە.
رووداو: ئامارێكتان لەبەر دەستە كە كورد چەند كتێب قەرز دەكەن؟
نەوزاد هرۆری: بەڵێ لەبەرئەوەی ئێمە كەتەلۆگمان هەیە لەو رێگەیەوە دەزانین چەند كتێبمان لێ قەرز دەكەن. ئەگەر بەراوردی بكەین لەگەڵ كتێبخانەیەكی سوێدیدا ئەوا رێژەكەی ئێمە زۆر كەمە، بەڵام دیسانیش ژمارەیەكی بەرچاو كورد دێن و كتێبەكانمان قەرز دەكەن.
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ دەستگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆنە؟
نەوزاد هرۆری : لەساڵی 2010، بەرەسمی داوای هاوكاریمان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد، دوای ئەوەی هەندێك لە دەوڵەتانی ئەوروپا راستەوخۆ پێیانگوتین كە ئەوە چەند ساڵە ئێمە هاوكاریتان دەكەین، ئێستا ئێوە خۆتان حكومەتتان هەیە و دەوڵەمەندیشە، پێویستە ئەوان هاوكاریتان بكەن. بۆ نموونە ئەنستیتوتی فینلەندییەكان لەسوێد هەیە، حكومەتی فینلەندا هاوكارییان دەكات، جگە لەو هاوكاریەی كە لە دەوڵەتی سوێد وەریدەگرن. كتێبخانەی جوولەكەكان لێرە هەیە، ئیسرائیل هاوكاریان دەكات. بەداخەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ وەڵامێكی نەداینەوە. بەنیازین جارێكی دیكە داوای هاوكاریان لێ بكەینەوە، چونكە بەڕاستی ئێمە پێویستیمان بە هاوكاری داراییە. پەیوەندیمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی كتێبخانەكانی كوردستان هەیە بەتایبەتی لەگەڵ كتێبخانەی گشتی سلێمانی و هەولێر و دهۆك، ئەو دەستگایانە هەوڵیاندا لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە كتێبمان بۆ بنێرن، بەڵام تائێستا ئەوەش جێبەجێنەكراوە. ساڵی رابردوو 700 كتێبیان وەك دیاری بۆ ناردین، بەڵام ئەوە كارێكی شەخسی بوو نەك حكومی. دەستگای چاپ و بڵاوكردەنەوەی هەولێر و سلێمانی هەروەها مەڵبەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە سلێمانی، ئەوەش لە رێگای دوو جوامێری كوردەوە بوو كە لە سوێدەوە گەرابوونەوە كوردستان.
رووداو: رێژەی ئەو كتێبانەی كە بە كرمانجی سەروو چاپدەكرێن لەچ ئاستێكدایە ئەگەر بەراوردی بكەی لەگەڵ ئەوەی كە بە كوردی نێوەڕاست (سۆرانی) دەنووسرێ؟
نەوزاد هرۆری : ئێمە لە توركیا كتێبی كرمانجی دەكڕین، لە ساڵی 2001 وابزانم دە كتێبی كورد پاپ نەكرابوون، بەڵام ئێستا ئاستی چاپ و بڵاوكردنەوە یەكجار زۆربووە، لەم ساڵانەی دواییدا سالانە زیاتر لە 400كتێبی كوردی چاپكراون، ئەوەش رێژەیەكی زۆر بەرچاوە لەچاو ساڵانی نەوەتەكان و دواتریش. ئێستا لە توركیا و باكووری كوردستان ژمارەیەك چاپخانەی كوردی هەن كە گرنگی بە چاپكردنی كتێبی كوردی دەدەن. بەڵام هێشتا ژمارەیان بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی بە سۆرانی دەردەچن زۆر كەمە، تەنانەت لەگەڵ ئەو كتێبانەی كە بە بادینیش دەردەچن، بەڵام بەرەوپێشچوونێكی باش هەیە هەم بە كرمانجی بەپیتی لاتینی و هەمیش بە زازاكی.


ä ä ä

به‌وێنه‌... له‌ سوێد ماته‌م بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌سترا


سالە کوردە
رووداو- سوێد

دوێنێ کوردەكانی دانیشتووی شاری ئۆپسالاى وڵاتى سوێد كۆرێکی ماتەمینیان بۆ کارەساتی هەڵەبجە رێکخست‌و کۆمیتەی کۆمەڵە کوردیەکانی ئۆپالاى مەراسیمێكیان لە هۆڵەکانی کۆشکی سینەمای شارەکە رێکخست.

له‌و كۆڕه‌دا كه‌ بۆ یادى 24 ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر كیمیا بارانى هه‌ڵه‌بجه‌ رێكخرابوو زیاتر لە 200 کوردی دانیشتووی شارەکە‌و ژمارەیەک سوێدی به‌شدارییان تێداكرد.

شوان کەریم، بەناوی کۆمیتەی کۆمەڵە کوردییەکانی ئۆپسالا وتارێکی پێشکەش کرد‌و باسی ترسناکی کارەساتەکە‌و بێدەنگی وڵاتانی جیهانی لەوکاتەدا بەبیرهێنایەوە، هه‌روه‌ها داوای کرد کە لەورۆژه‌دا کورده‌كان بەهەموو بیروبۆچوونەکانیانەوە لەدەووری ئەم مەرگەساتە کۆببنەوە‌و هەنگاو بەرەو سەرکەوتنی یەکجاری بنێن.

ناسیح رەشید، یەکێکه‌ لە بریندارەکانی گازی کیمیاوی هەڵەبجە کە بۆ چارەسەرکردن هاتووه‌تە وڵاتى سوێد، باسی بیرەوەریەکانی خۆی لەکاتی كیمیاباران كردنى هەڵەبجە كرد‌و زۆربەی ئامادەبووانی هێنایە گریان، ناسیح گوتى "له‌و رۆژه‌دا بەچاوی خۆم بینینم، لاشەی شەهیدانی هەڵەبجە لەسەر شەقامەکان کەڵەكە ببوون‌و ماشێنەکان بەسەر لاشەکاندا دەڕۆیشتن، ئه‌وه‌ دیمه‌نێكه‌ كه‌ له‌یادم ناچێته‌وه‌".

نوێنەری پارتی گەل‌و پارتی سۆسیال دیموکراتەکان‌و پارتی ژینگە بەشداریان له‌ كۆڕه‌كه‌ كردبوو، ئێڤا ئادلەر، نوێنەری پارتی ژینگە، رەخنەی توندی لە سیاسیەکان گرت بەوەی کە "تەنها قسەیان هەیە‌و کرداریان نییە". ئەو پێی وابوو کە "دەبێت گەلی کوردستان خۆیان بڕیاری چارەنووسی خۆیان بدەن‌و پێویستە پلانیان هەبێت بۆ دامەزارندنی دەوڵەتی کوردی، چونکە ئەوە مافێکی رەوایە"، هیواشی خواست کە رۆژێک بەچاوی خۆی کوردستانێکی سەربەخۆ ببینێت.

لە کۆتایدا فیلمێکی دۆكیۆمێنتاری نیشانی ئامادەبووان درا‌و تیپی شانۆی کۆمەڵەی کوردی، شانۆگەریەکیان بەناوی "زەماوەندی ژەهر" پێشکەش کرد‌و بەزمان‌و جسەتە خەمەکانی هەڵەبجەیان بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە. یەکێک لەو سوێدیانەی کە بەشدای مەراسیمەکە بووبوو بە (روودا)ی راگەیاند "شانۆگەریەکەی کاریگەری زۆری تێكردم، ئەگەرچی من یەک وشە کوردیش نازانم، بەڵام هەست و جووڵەی ئەکتەرەکان بەس بوو کە تێبگەم باسی کارەساتێکی گەورە دەگێرنەوە".

سەروەر حەمە سدیق، سەرۆکی تیپە شانۆییه‌كه‌ بە (رووداو)ی گوت "ئەوە کەمترین شتە کە بتوانین بۆ شەهیدانی هەڵەبجەی بکەین".

هەر دوێنێ لە شاری ستۆکهۆڵـم‌و چەندین شوێنی دیکەى وڵاتى سوێد یادی كاره‌ساتى هەڵەبجە بەرز راگیرا، بڕیاریشە رۆژی یەکشەممە لە شاری یاڤلە لەلایەن کۆمەڵێک رێکخراوی کوردییەوە بە بەشداری هونەرمەند جوان حاجۆ و نووسەر حەمە دۆستان و
چەندی کەسایەتی سوێدی ئەو یادە بکرێتەوە







ä ä ä